هەرێم نیوز
ئەمڕۆ شاندێكی باڵای پارتی گەیشتنە بەغداد و زنجیرەیەك كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەكان ئەنجام دەدات.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان تایبەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق؛ سەردانی ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایان لە ناوچەی سەوزی بەغدا کرد و تا ئێستا لە کۆبوونەوەدان.
پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ مالیکی، شاندی دانوستانکاری پارتی وەک یەکەم وێستگە، سەردانی کۆشکی "سەلام"ـیان لە بەغدا کرد و لە لایەن لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراقەوە پێشوازی لێ کرا.
چاوەڕێ دەکرێت، هەر ئەمڕۆ، شاندی پارتی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسی حزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی سوننە و شیعە کۆببێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان، دوێنێ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە دواین كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، شاندێكی دانوستانكار بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان پێكهێنرا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی سەردانی شاندەكەی پارتی، گفتوگۆیە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و پۆستەكانی كورد و كێشەی ناوچە لەسەرەكانی مادەی 140 و بودجە و مووچەی كوردستان.
شاندەكە بە سەرۆكایەتیی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسییە، پێكهاتووە لە هەریەك لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، ئومێد سەباح ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا.