هەرێم نیوز
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی بە وردی چاودێریی هەوڵەکانی ئێران دەکەن بۆ بنیاتنانەوەی بەرنامە مووشەکییەکەی و نەتەنیاهوش دەڵێت: "دوژمنەکانمان برینەکانیان دەلێسنەوە و خۆیان پڕچەک دەکەنەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی 12ی 2025، ییسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی کۆمەڵێک فڕۆکەواندا ڕایگەیاند: "ئەو ڕاپۆرتانەم خوێندەوە کە باس لە هەوڵەکانی ئێران دەکەن بۆ بنیاتنانەوەی هێزەکەی، ئەو وڵاتەی کە لە ئۆپەراسیۆنی (بەربەیانی شێرەکان) لەگەڵ هاوبەشە ئەمەریکییەکانمان گورزی کەمەرشکێنمان لێ دا."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتی: "دامەزراوە بەرگرییەکانمان بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن و ڕێگە نادەین جارێکی دیکە هەڕەشەی لەناوبردن لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل دروست ببێتەوە و ئەوەی پێش 7ی ئۆکتۆبەر هەبوو، چیتر دووبارە نابێتەوە."
لای خۆیەوە بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەمان ڕێوڕەسمدا وتی: "ئێمە بەدوای ململانێدا ناگەڕێین، بەڵام چاوەکانمان بۆ هەر مەترسییەکی ئەگەری کراوەیە؛ دوژمنەکانمان برینەکانیان دەلێسنەوە و جارێکی دیکە خۆیان پڕچەک دەکەنەوە بۆ ئەوەی لێمان بدەن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، لیندسی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمەریکا لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، بەڵگە هەیە کە ئێران هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم و زیندووکردنەوەی بەرنامە مووشەکییەکەی دەدات و ئەگەر ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە، دەبێت پێشوەختە هێرش بکرێتە سەر ئێران.
بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، تاران بەشێکی زۆری یەکە مووشەکییە بالیستییە قورسەکانی بنیات ناوەتەوە و بە خێرایی کار لەسەر چاککردنەوەی ئەو دامەزراوانە دەکات کە لە هێرشەکانی ڕابردوودا زیانیان بەرکەوتبوو.