هەرێم نیوز
نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە ڕێککەوتوون بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیە داراییە گوماناوییەکان و سزادانی ئەو لایەنانەی تێوەگلاون لە سپیکردنەوەی پارە و پڕۆژەی وەهمی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی 1ی 2026، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە و فەرمانگەی چاودێریکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی چاکسازی لە بانکە حکوومی و تایبەتەکان.
ساڤایا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی "پێداچوونەوەیەکی گشتگیر" بە تۆمارە گوماناوییەکان کە دامەزراوە، کۆمپانیا و کەسایەتییە عێراقییەکان دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی دەستیان هەیە لە قاچاغچێتی، سپیکردنەوەی پارە و پڕۆژە داراییە ساختەکان کە پارە بۆ تیرۆر دابین دەکەن.
نێردەکەی ترەمپ باسی لەوە کردووە کە هەنگاوی داهاتوویان سەپاندنی "سزای چاوەڕوانکراوە" بەسەر ئەو تۆڕە زیانبەخشانەدا. ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ ستایشی ساڤایای کرد و بە "دانوستانکارێکی گەورە" وەسفی کرد.