هەرێم نیوز
سیناتۆرێکی باڵای ئەمەریکا پەیامێکی توند ئاراستەی دیمەشق و ئەنقەرە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەر هێرشێک بۆ سەر کوردەکان بکرێت ڕووبەڕووی وەڵامێکی توندی ئەمەریکا دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی 1ی 2026، لینزی گرام، سیناتۆری کۆماری لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پشتیوانیی خۆی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی سووریا دەربڕی و هۆشداریی دایە حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە کە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی کەمینەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت."
گرام ئاشکرای کردووە کە ڕاپۆرتی پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی سوپای سووریا و تورکیا بەنیازی پێشڕەوین دژی هاوپەیمانە کوردەکان، بۆیە جەختی کردەوە کە "ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکان."
ئەو سیناتۆرە کوردەکانی وەک هێزی سەرەکی لە تێکشکاندنی داعش وەسف کرد و ئاماژەی بەوەش دا کە "لە ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکی توکمەیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبووە"، بۆیە داوای لە دیمەشق و ئەنقەرە کرد "ژیرانە بژاردەکانتان هەڵبژێرن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە شەڕ لە حەلەب و گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەستی پێ کردووەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 159 هەزار کەس ئاوارە بوون.