هەرێم نیوز
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق، وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەواڵگریی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد، کە تێیدا بڕیاری جددی لەسەر داهاتووی گروپە چەکدارەکان و پاراستنی سەروەریی عێراق دراوە.
ساڤایا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی "زۆر سەرکەوتوو"ی لەگەڵ تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا و جۆو کێنت، بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند پرسێکی هەستیار کراوە، لەوانە:
• ڕۆڵی گروپە چەکدارەکان: تاوتوێکردنی مەترسیی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و تۆڕە پەیوەندیدارەکانیان.
• بەهێزکردنی دەوڵەت: پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی و گەندەڵی.
• سەروەریی نیشتمانی: کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی عێراق بە جۆرێک کە خزمەت بە خۆشگوزەرانی گەلەکەی بکات.
ساڤایا: "عێراق مەزن دەبێتەوە"
نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەوان لە هەر شوێنێک پێشێلکارییەک بدۆزرێتەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن. هەروەها بە بەکارهێنانی دروشمێکی هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند: "بە پشتیوانیی ئێمە، جارێکی دیکە عێراق گەورە دەبێتەوە."