هەرێم نیوز
سیروان ساڵح، شارەزای بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت کە شەپۆلێکی باران و بەفر هەرێمی کوردستان و بەشێکی ناوچەی گەرمیان دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و بارستەهەوایەکی ساردی سیبری رووسیا، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە تاوەکو بەرەبەیانی چوارشەممە ناوبەناو باران ببارێت.
لە کۆتایی کاریگەری ئەم شەپۆلەدا و لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، ئەگەری بەفربارین لە زۆرینەی ناوچە کوێستانییەکان هەیە کە بەرزییان لە ئاستی دەریاوە زیاتر لە 700 مەترە.
هەروەها بۆ ماوەیەکی کورتخایەن ئەگەری بەفربارینی کەم لە بەشێکی باکووری گەرمیان و بەرزاییەکانی بناری بەمۆ، شەواڵدڕە، مەیدان، شێخ تەویل، سەنگاو، سەرکەل، کوردەمیرەکان، چەمچەماڵ، قادرکەرەم، ناوچەی داودە، بەرزاییەکانی گوندەکانی باکووری قەزای رزگاری و داری خلە لە خۆرئاوای پێباز هەیە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەم شارەزایەی کەشناسی، رۆژی سێشەممە هەندێک کات خێرایی بای ساردی باشوور دەگاتە نێوان 15 تاوەکو 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
سەبارەت بە بڕی بارانبارینی چاوەڕوانکراویش، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نێوان 10 بۆ 15 ملم و لە ئیدارەکانی راپەڕین و سۆران نێوان 12 بۆ 20 ملم باران دەبارێت.
هەروەها لە پارێزگای هەولێر نێوان 3 بۆ 7 ملم و لە پارێزگای دهۆک نێوان 5 بۆ 10 ملم باران دەبێت.