دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

چۆن شەرع بە "چرا سەوزی" ئەمەریکا ناوچەکانی هەسەدەی گرت؟

هەرێم نیوز 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە پشت بە زانیاریی نۆ سەرچاوەی ئاگادار دەبەستێت، کۆنترۆڵکردنەوەی خێرای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەلایەن حکومەتی نوێی سووریاوە، ئەنجامی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نهێنی و هەستیار بووە لە دیمەشق، پاریس و عێراق.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەمریکا ڕێگری لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نەکردووە کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی هاوکێشەی هێزی لە سووریادا گۆڕی، ئەمەش لەسەر حساب و تێچووی لایەنێک بوو کە ڕۆژگارێک هاوپەیمانی سەرەکیی واشنتۆن بوو.
ڕێککەوتن لە ژوورە داخراوەکاندا

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم کۆبوونەوانە ڕێگەیان خۆشکرد بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، تا دوو سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت: جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی بۆ یەکخستنەوەی خاکی سووریا لەژێر یەک سەرکردایەتیدا، و بوون بە "هاوبەشی پەسەندکراو" بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.

هێرشەکەی شەرع بە شێوەیەکی کردەیی ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناوبرد. سەرچاوەیەکی ئەمریکی ئاگادار لە هەڵوێستی واشنتۆن بە ڕۆیتەرزی وتووە: "وا دیارە شەرع مامۆستایە لە ستراتیژ و تاکتیکدا."
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە واشنتۆن ئێستا دەتوانێت هاوبەشیی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بکات و "هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لەوەی ڕۆڵێکی جیاواز بۆ هەسەدە بهێڵێتەوە."

پەیامە نهێنییەکانی پاریس و ڕۆڵی تورکیا

ڕۆیتەرز ئاشکرای دەکات، ڕۆژێک دوای ئەوەی وەزیرێکی سووری کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هەسەدە لە دیمەشق هەڵوەشاندەوە، شاندێکی سووریا لە ٥ی کانونی دووەم سەردانی پاریسیان کردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا. لەوێ بەرپرسانی سووریا پێشنیازی ئۆپەراسیۆنێکی سنوورداریان کردووە دژی هەسەدە و "هیچ ناڕەزایەتییەکیان لێ نەبیستراوە."

هەروەها حکومەتی سووریا پەیامێکی جیاوازیشی لە تورکیاوە پێگەیشتووە کە تێیدا هاتووە: "واشنتۆن ڕەزامەند دەبێت لەسەر ئۆپەراسیۆنێک دژی هەسەدە، بە مەرجێک هاووڵاتیانی مەدەنیی کورد پارێزراو بن."
هەستی خیانەت لای کورد

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ١٧ی کانونی دووەمدا، تۆم باراک لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبووەتەوە و ڕاستەوخۆ پێی ڕاگەیاندووە کە: "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئێستا لەگەڵ شەرعە، نەک هەسەدە." هەرچەندە بەرپرسێکی هەسەدە ئەم گێڕانەوەیەی ڕەتکردووەتەوە.

هادییە یوسف، بەرپرسی سیاسیی کورد بە تووڕەییەوە بە ئاژانسەکەی وتووە: "ئەوەی لە پاریس ڕوویدا چرای سەوز بوو بۆ ئەم جەنگە... ئایا ئێوە بەڕاستی بێ پرەنسیپن؟ ئایا بەو ئاسانییە ئامادەن خیانەت لە هاوپەیمانەکانتان بکەن؟"
یارییە مەترسیدارەکەی شەرع

سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە شەرع لە قۆناغی کۆتایی هێرشەکەدا خەریک بوو هێڵەکان ببەزێنێت کاتێک ئاگربەستەکەی پشتگوێ خست، ئەمەش ئیدارەی ئەمریکای تووڕە کرد و باس لە سەپاندنەوەی سزا دەکرا. بەڵام شەرع لە دوا ساتدا بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی نوێ و مەرجدار بۆ یەکگرتنەوەی هەسەدە، توانی ڕەزامەندیی واشنتۆن بەدەست بهێنێتەوە.

تۆم باراک، چەند خولەکێک دوای بڕیارەکەی شەرع، بەیاننامەی دەرکرد و ڕایگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی هەسەدە وەک هێزێکی شەڕکەر دژی داعش بەسەرچووە و باشترین دەرفەت بۆ کورد لەژێر سایەی حکومەتە نوێیەکەی شەرعدایە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP