هەرێم نیوز
لە گوندێکی کۆبانێ کۆمەڵکوژی بەرامبەر خێزانێک ئەنجام دەدرێت و بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەک منداڵ تێیدا بوونەتە قوربانی، هەسەدەش هێزەکانی حکومەتی دیمەشق تۆمەتبار دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی 1ی 2026، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ زانیارییان لەبارەی هێرشێکی چڕ بۆ سەر گوندی "خەراب عەشک" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ بڵاو کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە ڕێگەی بۆردومانێکی چڕەوە بە بەکارهێنانی تۆپهاوێژ، تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کۆمەڵکوژییەکیان لەو گوندە ئەنجام داوە.
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ماڵی خێزانێکی مەدەنی بە تەواوی وێران بووە و 5 هاووڵاتی شەهید بوون و 5ی دیکەش بریندار بوون کە سەرجەمیان ئەندامی بنەماڵەی "بۆزان"ـن، هەرچەندە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام بەهۆی چڕیی بۆردومانەکەوە، هێشتا تەرمی شەهیدەکان لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە و دەرنەهێنراون.
لای خۆیەوە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ژمارەی قوربانیانی بە 12 کەس مەزندە کردووە و رایگەیاندووە، 6 کەس شەهید بوون و 6ی دیکەش بریندارن کە 4 لە قوربانییەکان منداڵن و برینەکانیان سەختە.
ئەم پەرەسەندنە لەکاتێکدایە کە ئاگربەستی نوێ بۆ ماوەی 15 رۆژ لەنێوان حکومەتی دیمەشق و هەسەدە راگەیەندراوە، بەڵام بە وتەی ڕوانگەی سوریا، پێشێلکارییەکان بەردەوامن و گوندەکانی خەراب عەشک و جەلبیە بە چەکی قورس بۆردومان دەکرێن.