هەرێم نیوز
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی بنیاتنەر و بەرهەمداریان لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا و ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.
مەزڵوم عەبدی دەستخۆشیی لە پشتیوانییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سیاسەتی ترەمپ کرد بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاگربەست. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکانی باڵیۆز باراک بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی دیالۆگ و دانوستان لە نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سووریا، هەنگاوێکی جیدی و گرنگە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی کردەوە کە بە هەموو توانایەکیانەوە و بە شێوەیەکی جدی کار دەکەن بۆ بەدیهێنانی یەکگرتنێکی ڕاستەقینە لە ناوخۆی سووریادا. هەروەها دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئاگربەستی ئێستا لە پێشینەی کارەکانیان دەبێت بۆ رێگریکردن لە زیاتر تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.