هەرێم نیوز
جەیمس جێفری، نێردەی پێشووی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، رەتیکردەوە هەڵوێستی نوێی وڵاتەکەی بەرامبەر سووریا وەک "خیانەت" لە کورد هەژمار بکرێت. ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپرسانی واشنتن هەمیشە بە ڕاشکاوی بە سەرکردایەتیی کوردیان گوتووە کە پەیوەندیی نێوانیان کاتی و تاکتیکییە.
جێفری ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردەمی ئۆباماوە تاوەکو ئێستا، ئەمریکا هەرگیز بەڵێنی پشتگیریکردنی لە هەرێمێکی کوردی یان پاراستنی کوردی بەرامبەر لایەنەکانی دیکە نەداوە.
ئەو جەختی کردەوە کە بەرگریی سەربازیی ئەمریکا تەنها لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش و هێزەکانی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی (رووسیا و ئێران)دا بووە.
نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ سووریا روونی کردەوە کە واشنتن تەنها پشتگیری لە بڕیارنامەی ژمارە ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ چارەسەری سیاسی لە سووریا. ئەم بڕیارنامەیە جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و پاراستنی سەروەریی ئەو وڵاتە دەکاتەوە وەک سیستمێکی ناتایفی.
جەیمس جێفری دەڵێت حکومەتی راگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، لە ئێستادا بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەریکی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی ئەو بڕیارنامەیەیە. ئەمەش وەک ئاماژەیەک دەبینرێت بۆ گۆڕانی ستراتیژیی ئەمریکا بەرەو دانپێدانانی حکومەتی نوێی دیمەشق لەسەر حیسابی هێزە کوردییەکان.