بەرزان مەجید
سەیدسادق...لە دژی گروپێکی گێرەشێوێن ئاسایش ئۆپەراسیۆنێک ئەنجام دەدات و ئەندامێکی گروپەکە دەستگیر دەکەن، ئامۆزایەکی دەستگیرکراوەکەش هەڵدێت.
بەرواری 20 / 01 / 2026 هێزەکانی ئاسایش لەئۆپەراسیۆنێکدا لە بەردەم ( مزگەوتی سەلاحەدینی ئەیوبی ) لە گەڕەکی حەسار، گەنجێک بەناوی ( ڕێبوار محمد محمود ) دەستگیر دەکەن.
هاوکات دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری ( کیا سۆرینتۆ ) دا گرتووە کە خاوەنەکەی ئامۆزایەکی دەستگیرکراوەکەیە بەناوی ( ئازاد کەریم محمود ) وچەندین دروشم و پڕوپاگەندەی پلانگێڕی دژی هێزە ئەمنیەکان و حکومەت و سەرکردەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ) تێدا بووەو دروشمەکانیان خستۆتە نێو دوو مزگەوت، هەر هەمان شەو پلانیان بۆ چەند مزگەوتێکی تریش هەبووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە : دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچونەکانمان و هەروەها دان پێدانانەکانی ( ڕێبوار ) سەلمێنراوە هەموویان ئەندامی حزبی ( بەرەی گەل )ن و لەکاتی دروشم خستنە ناو مزگەوتی سەلاحەدین دەستگیرکراوە، ئامۆزاکەیشی ( ئازاد کریم محمود ) هەڵدێت.
ئەوەی شایانی باسە لەماوەکانی ڕابردودا ( ڕێبوار ) و ئامۆزا هەڵهاتووەکەی لەگەڵ دوو هاوڕێی تریان بە ناوەکانی ( ئاریا محمد حسن ) و ( سەنگەر جلال عمر ) خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەو هاندانی خەڵکی شارەکە بوون لە دژی حکومەت و بەرپرسانی و هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە و هێزە ئەمنیەکان.
هەر لەو ڕاگەیاندراوەی ئاسایش هاتووە؛ کە ئەوان بەردەوامدەبن لەگەڕان بەدوای تاوانبارەکانی تر و ڕووبەڕووی هەر گروپ و دەستەو تاقمێکیش دەبنەوە کە بیانەوێ ئارامی شار بشێوێنن و پڕو پاگەندەی نادروست بڵاوبکەنەوە.