هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی تونددا هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان و پێشمەرگە لە سنووری هەولێر سەرکۆنە دەکات و بە "تاوانی جەنگ" ناوی دەبات.
سەرۆکی حکومەت غەمباری و دڵگرانی خۆی بۆ شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک و خێزانەکەی دەربڕی کە بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بۆ سەر ماڵەکەیان لە سنووری هەولێر گیانیان لەدەستدا. ڕایگەیاند: "بە هەموو شێوەیەک ئەم تاوانە قێزەونە سەرکۆنە دەکەم و تاوانباران شەرمەزار دەکەم."
لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل و ماڵی هاووڵاتییان هیچ پاساوێکی نییە و وەک "تاوانی جەنگ" هەژمار دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە دەنگی خەڵکی بێتاوانی کوردستان دەگەیەننە هەموو جیهان.
سەرۆکی حکومەت داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان سنوورێک بۆ ئەو "ستەمکارییە" دابنێن کە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرێت و چیتر ڕێگە نەدرێت بە بیانووی "بێ پاساو" پەلاماری ناوچە جیاجیاکان بدرێت.