دواین هەواڵ

کوردستان‌

 27/01/2026

"سووکایەتییان بە ڕۆژئاوا کردووە"؛ هۆکاری ڕاستەقینەی دەستگیرکردنی مەلا کامەران و مەلا هەڵۆ

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەو دوو مەلایەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستگیر کران هێشتا ئازاد نەکراون و هۆکارەکەی بۆ "سکاڵای خەڵک" دەگەڕێنێتەوە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن هۆکارەکە پەیوەندی بە "سووکایەتیکردن بە ڕۆژئاوای کوردستان"ـەوە هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 27ی 1ی 2026، عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، کامەران عەلی (ناسراو بە مەلا کامەران) و مەلا هەڵۆ کە ڕۆژانی 22 و 24ی ئەم مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون، "تاوەکو ئەمڕۆ لە زیندان ڕاگیراون و ئازاد نەکراون.

بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو مامۆستاکە لەسەر میلاکی حکومەتن و وتی: "هەردوو کەسەکە بەهۆی سکاڵای خەڵکەوە ڕاگیراون، دەبێت دۆسیەکەیان بچێتە بەردەستی دادوەر و تاوەکو ئێستا دادوەر بڕیاری لەسەر دۆسیەکەیان نەداوە."

سەبارەت بە مادەی یاسایی و هۆکاری دەستگیرکردنەکە، عەباس خدر وتی: "مەلا کامەران بە مادەی 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و لەسەر کۆمێنتی زبر دەستگیر کراوە؛ مەلا هەڵۆش بەهۆی ئەوەی لە گوتاری هەینیدا بەجۆرێک باسی ئافرەتی کردووە، کە ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە."

سەرەڕای ڕوونکردنەوەکانی ئەوقاف، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری سەرەکیی دەستگیرکردنی هەردوو مامۆستا ئایینییەکە پەیوەندی بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەیە و بە تۆمەتی "سووکایەتی بە شەڕڤانان" و "پەسندانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سووریا" دەستبەسەر کراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP