هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی بکوژی هاوڵاتییەکەی پیرەمەگروون ڕادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 2006ـە و بە مەبەستی دزینی پارە تاوانەکەی ئەنجام داوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی 1ی 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی دوێنێ لە شارۆچکەی پیرەمەگروون هاوڵاتییەک بەناوی (زیاد محەمەد) کوژرا، هێزەکانیان لێکۆڵینەوەیان دەست پێ کرد و دەرکەوت "تۆمەتبارێک بەمەبەستی بردنی بڕێک پارە، بە دەمانچە هاوڵاتییەکەی کوشتووە."
ئاسایش ڕوونی کردووەتەوە، تۆمەتبارەکە ویستوویەتی دوای تاوانەکە بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵبێت، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەوە لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دەستگیر کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاسایش، بکوژەکە ناوی (هـ. ف. أ)ـە و لەدایکبووی ساڵی 2006ـە، لە ئێستادا بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.