دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل: ئیدارەی ترەمپ پلانی سەرنگونکردنی ڕژێمی ئێران دادەڕێژێت

هەرێم نیوز

دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە نوێترین هەڵسەنگاندنیاندا ڕایانگەیاند، حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ بە ئاراستەی ئەنجامدانی "کارێکی گەورە" هەنگاو دەنێت کە ئامانج لێی گۆڕینی ڕژێمی ئێستای ئێرانە.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی نوێ، نیشانەی ئامادەکارییە بۆ پێکدادانێکی فراوان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ، دۆناڵد ترەمپ چەندین بژاردەی سەربازیی پێگەیشتووە کە لەلایەن کۆشکی سپی و پنتاگۆنەوە داڕێژراون.

یەکێک لە بژاردە سەرەکییەکان ئەنجامدانی هێرشێکی "گەورە" و چڕە بۆ سەر دامەزراوە حکومییەکان و بنکەکانی سوپای پاسداران، کە تێیدا هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشدار دەبن.

ترەمپ هۆشداری داوە کە هەڕەشەکانی جدیین و ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێشووی کردووە وەک بەڵگەیەک بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی.

هەر لە چوارچێوەی ئەم پلانانەدا، بژاردەی دیکەی وەک هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر بانکەکانی ئێران و سەپاندنی سزای ئابووری توندتر پێشنیار کراون.

یەکێک لەو سزایانە بریتییە لە سەپاندنی باجی 25% بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەی کە بازرگانی لەگەڵ حکومەتی ئێراندا دەکەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دابڕینی تەواوەتی تاران لە بازاڕە جیهانییەکان.

لە ئێستادا هەماهەنگییەکی سەربازیی ورد و چالاک لە نێوان سوپای ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆیەکی چاوەڕواننەکراو.

سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێزی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستپێکردنی هێرشەکان تەنها لای ترەمپ خۆیەتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP