هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی سوریا بڕیاری پێدانی ڕەگەزنامەی بۆ ئەو کوردانە دەرکرد کە لە ساڵی 1962ـەوە بێبەش کراون، بەڵام بڕیارەکە مەرجی تێدایە و چاودێرانیش دەڵێن "ئەمە شتێکی نوێ نییە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی 1ی 2026، ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سوریا بەپێی مەرسوومی ژمارە 13، فەرمانی کرد بەپەلە و تاوەکو 25ی شوبات ڕێکارەکانی پێدانی وڵاتینامە (ڕەگەزنامە) بەو کوردانە تەواو بکرێت کە لە سەرژمێریی ساڵی 1962 بێبەش کرابوون.
سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە وەک هەنگاوێکی گرنگ وەسف دەکرێت، بەڵام چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە پێشینەی هەیە و ساڵی 2011 بەشار ئەسەد بڕیاری هاوشێوەی دەرکرد کە 250 هەزار کوردی لێ سوودمەند بوون، ئەوەی ماوەتەوە تەنها نزیکەی 50 هەزار کەسن کە بە "مەکتووم قەید" ناسراون.
خاڵی جێی مشتومڕ لە بڕیارەکەدا ئەوەیە، تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەسەر خاکی سوریان، واتە ئەو کوردانەی "مەکتووم قەید"ن و لە دەرەوەی وڵاتن (دیاسپۆرا)، بڕیارەکە نایانگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتییانی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیان هەیە و دەڵێن ئەم بڕیارە "مەکرەمە" نییە، بەڵکو بەرهەمی قوربانیدانی کوردە، جەختیش دەکەنەوە کە تەنها هەبوونی ناسنامە بە واتای بەدەستهێنانی تەواوی مافە سیاسی و کولتوورییەکان نایەت.