هەرێم نیوز
بارزانی، پەیامێکی پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئاراستەی هەردوو لایەنی ڕێککەوتنی سووریا (حکومەتی دیمەشق و هەسەدە) کرد. ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە کۆتاییهاتنی ئازارەکانی گەلی کورد لە سووریا.
بارزانی لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ هەینی (٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند: "پێشوازی لە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و (هەسەدە) دەكەین و پیرۆزبایی لە هەردوولایان دەكەین. هیوادارین ئەو ڕێككەوتنە بەردەوام و سەركەوتوو بێت."
بارزانی جارێکی دیکە جەختی لەسەر فەلسەفەی ئاشتیخوازانەی خۆی کردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە هەمیشە لەو بڕوایەداین كە دیالۆگ و ئاشتی ڕێگەی دروستە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ناوچەکە و وتی: "هیوادارین ئیدی كۆتایی بە ئازار و مەینەتیی گەلی كورد لە سووریا بێت و هەموو لایەك بە ئاشتی و ئازادی و سەقامگیری لە سووریا شاد ببن."
ئەم پەیامەی بارزانی دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دێت کە لەگەڵ نێردەی تایبەتی ترەمپ ئەنجامی دا، تێیدا واشنتن بە فەرمی سوپاسی ڕۆڵی بارزانی کرد لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بەم ڕێککەوتنە مێژووییە، کە تێیدا مافەکانی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی سەقامگیردا گەرەنتی دەکرێت.