دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

مەزڵوم عەبدی: گەلی ئێمە با ئاسودەبن هیچ هێزێك نایەتە ناوچەكانمان

هەرێم نیوز
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکی گرنگدا وردەکاریی ئەو ڕێککەوتنەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا واژۆیان کردووە. عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێککەوتنە لە سەرەتای مانگی یەکەوە ئامادە بووە، بەڵام پێویستی بە کات و شرۆڤەی زیاتر هەبووە و دواجار لەگەڵ "ئەحمەد شەرع" گەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە مەترسییەکی گەورەی کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی کورد هەبووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ئاستی پێویستدا نەبوون بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکان، بۆیە ئەم هەنگاوە لە پێناو پاراستنی مافی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن نراوە. عەبدی دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، هیچ هێزێکی سەربازی ناچێتە ناو شار و گوندە کوردییەکان، بەڵکو تەنیا هێزەکانی ئاسایش بۆ پاراستنی ئارامی لە بازاڕی حەسەکە و قامیشلۆ دەبن.

لەبارەی لایەنی کارگێڕی و پەروەردەیی، مەزڵووم عەبدی مژدەی ئەوەی دا کە ڕێککەوتنیان کردووە خوێندنی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکاندا بە فەرمی بخوێندرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کارمەندانی دەروازەی سێمێلکا و فڕۆکەخانەی قامیشلۆ لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت. عەبدی وتیشی، هەرچەندە ئەوەی بەدەستهاتووە لە ئاستی هەموو چاوەڕوانییەکانی ئەواندا نەبووە، بەڵام پاراستنی تایبەتمەندی هەرێمی کوردی لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە دەستکەوتێکی گرنگە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، مەزڵووم عەبدی داوای لە خەڵک کرد ئاسوودە و متمانەیان هەبێت و پشتگیرییان بکەن، چونکە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی زیاتر بەردەوام دەبێت. ڕایشیگەیاند کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کەسانی شارەزا و پسپۆڕی ئەوان بچنە دیمەشق بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارە هونەرییەکانی تێکەڵکردنی هێزەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە نوێیەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP