هەرێم نیوز
نفتالی بێنت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، وێنەیەکی خۆی و لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانی ئەمریکای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە دیدارێکی نوێدا گفتوگۆیان دەربارەی دۆخی ئێران و بژاردەکانی جووڵەکردن دژی کۆماری ئیسلامی کردووە.
بێنت ئاماژەی بەوە کردووە کە بە سیناتۆر گراهامی ڕاگەیاندووە کە ئێستا دەسەڵاتی تاران لە هەموو کاتێک لاوازترە و کاتی ئەوە هاتووە فشارەکان زیاد بکرێن بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە و لەناوبردنی هەشتپێی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا، جەختیشی کردەوە کە ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانە.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە تەواوی لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی ئیسرائیل، چ هاوپەیمانی حکومەت و چ ئۆپۆزسیۆن، پشتگیری لە هەر هەنگاوێک دەکەن دژی تاران و ڕایگەیاند لە بەرانبەر دوژمنانی ئیسرائیلدا ئەوان وەک یەک مشتی یەکگرتوو کار دەکەن.