هەرێم نیوز
مووسڵ لە پێشهاتێکی ئەمنیی کتوپڕدا، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستیان بە کشانەوەیەکی فراوان کرد و سەرجەم بارەگا و بازگە سەرەکییەکانیان چۆڵ کرد.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەکدارانی حەشدی شەعبی بازگەی سەرەکیی دەروازەی شاری مووسڵیان چۆڵ کردووە و بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەستی پۆلیسی خۆجێیی (لۆکاڵی) پارێزگاکەیان کردووە. ئەم بازگەیە پێشتر یەکێک بوو لە گرنگترین ناوەندەکانی کۆنترۆڵی ئەو هێزانە لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە ئەمنییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هۆکاری ئەم کشانەوە کتوپڕە بۆ ترسی ئەو هێزانە لە بەئامانجگرتنیان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەگەڕێتەوە. دوای هێرشە چڕەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو بۆ سەر بنکەکانی سەر بە ئێران، حەشدی شەعبی بڕیاری داوە بۆ پاراستنی هێزەکانی، بارەگا جێگیرەکانی چۆڵ بکات.
لە ئێستادا لە زۆربەی ئەو شوێن و بارەگایانەی کە پێشتر هێزەکانی حەشدی شەعبی لێی جێگیر بوون لە سنووری نەینەوا، هیچ جموجۆڵێکی سەربازی نابینرێت و هێزەکان بەرەو شوێنی نادیار یان ناوچە مەدەنییەکان پاشەکشەیان کردووە بۆ ئەوەی لە دیدی فڕۆکە و درۆنەکان دوور بکەونەوە.