دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

پارەی هاوپەیمانان خرایە سەر هەژماری وەزارەت

هەرێم نیوز

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان گەیشتنی هاوکاریی دارایی مانگی دووی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر هەژمارەکەیان ڕادەگەیەنێت و ئاشکراشی دەکات کە ئەمڕۆ لەگەڵ مووچەی مانگانەیاندا ئەو بڕە پارەیەش بەسەر هێزەکانی پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی 3ـی 2026، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە کە دوای ئەوەی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی دوو خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان، ڕاستەوخۆ بڕیاردراوە کە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، بڕی ئەو هاوکارییە داراییەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ هەر پێشمەرگەیەک دابینکراوە بریتییە لە 71 هەزار دینار کە هاوشێوەی مانگی پێشووترە، هاوکات 95%ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەی کارتی بانکی و پرۆژەی (هەژماری من)ەوە ئەو هاوکارییە داراییەیان لەگەڵ مووچەکانیان پێ دەدرێت.

لە لێدوانێکی پێشتریشدا لیوا هۆشمەند ڕەشید، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئیدارە و میرە، هۆکاری کەمبوونەوەی بڕی هاوکارییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە بۆ چوارچێوەی هاوکارییەکە زیاد کراون، بەڵام لە هەمان کاتدا دڵنیاییشی دابوو کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەوە دووپات کراوەتەوە کە پێدانی ئەو هاوکارییە داراییە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

لە کۆتاییشدا جێگەی ئاماژەپێکردنە کە ئەو هاوکارییە مانگانەیەی دەدرێتە لیواکانی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە، وەک پاڵپشتییەکی دارایی سەیر دەکرێت و سەرەڕای دابەشکردنیان پێکەوە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کاتی دابەشکردن و بڕی مووچەی مانگانەیانەوە نییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP