دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی و سەڵاحەددین بەهائەدین تاوتوێی مەترسییەکانی جەنگی ناوچەکەیان کرد

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی لە میانی پێشوازیکردنی لە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، جەخت لە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی جەنگ دەکاتەوە و دووپاتیشی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ لێکنزیکخستنەوەی هێزە سیاسییەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی 3ـی 2026، نێچیرڤان بارزانی لە دیدارێکدا پێشوازی لە سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد و دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان بە وردی تاوتوێ کرد.

لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە هەستیاریی ئەم قۆناغە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا، ئەوە دەخوازێت کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکڕیز و تەبا بن، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە ڕووبەڕووی سەرجەم ئاڵنگارییەکان ببنەوە و قەوارەی فیدراڵی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان لە هەر هەڕەشەیەک بپارێزن.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە وەک هەمیشە لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ لێکنزیکخستنەوەی لایەنە سیاسییەکان و پاراستنی یەکڕیزیی نێوانیان ناوەستێت، تاکوو لەو ڕێگەیەوە هەرێمی کوردستان بتوانێت بە ئارامی و سەقامگیرییەکی تەواوەوە ئەم قۆناغە پڕ لە هەستیارییە تێپەڕێنێت.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیاندا، بە گرنگییەوە تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە پێویست زانرا کە هەموو کێشە و ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن، لە بەرامبەریشدا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین دەستخۆشیی لە هەوڵە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵەکەی لەم بوارەدا بە زۆر گرنگ و کاریگەر نرخاند.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP