دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

سەکۆی ئی-پسوولە کەوتەوەکار و داشکاندنی 20% بۆ هاووڵاتیان درێژکرایەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، سەکۆی ئی-پسوولە دوای وەستانی بۆ ماوەی زیاتر لە یەک هەفتە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە، دووبارە دەستی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی کردەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە بەردەوامە لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە وەستانێکی تەکنیکی لە داهاتوودا.

دەشڵێت بەهۆی ئەوەی ئەم کێشەیە ببووە رێگر لەبەردەم سوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە بڕیارەکەی حکومەت، بڕیاردرا دەستپێشخەری داشکاندنی 20% لەسەر کۆی گشتی پسوولەی کارەبا تاوەکو بەرواری 24 ی ئاداری 2026 بەردەوام بێت. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە رەنگە ئەم داشکاندنە بۆ بەشێک لە هاوبەشانی ماڵان، لەسەر پسوولەی مانگی داهاتوویان هەژمار بکرێت.

ئی-پسوولە سەکۆیەکی فەرمی و دیجیتاڵییە کە لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە رێپێدراوە و رێگە بە هاووڵاتیان و بازرگانان دەدات بە شێوەیەکی خێرا پسوولەکانیان بدەن. ئەم پڕۆژەیە لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شوباتی 2026 وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان راگەیەندرا.

ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە بەهێزکردنی گشتگیری دارایی و ئاسانکارییە بۆ هاووڵاتیان تا بتوانن لە رێگەی کەناڵە جیاوازە دیجیتاڵییەکانەوە مامەڵە داراییەکانیان ئەنجام بدەن.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP