دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

بارەگای بارزانی وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان بارزانی و نوێنەری ترەمپی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

بارەگای بارزانی ڕایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە 12 ی ئاداری 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان بارزانی و تۆم باراک، نوێنەری تڕەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا ئەنجام درا.

لەو پەیوەندییەدا، تۆم باراک سڵاو و ڕێزی تڕەمپی بە بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵی ناوبراوی کرد لە بەڕێوەبردنی حەکیمانەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هەمیشە وەک هاوپەیمان و دۆست سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و هەماهەنگییەکانیان بەردەوام دەبن.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگیان هەیە و ئەمریکا هاوکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.

لای خۆیەوە، بارزانی سوپاسی تڕەمپ و نوێنەرەکەی کرد و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری سەقامگیرییە و باوەڕی بە دیموکراسی و گفتوگۆ هەیە. بارزانی دووپاتی کردەوە کە گەلی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر و نابێتە بەشێک لە هیچ ئاڵۆزییەک.

بارزانی ئاماژەی بەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانەش دا کە لە لایەن هێزە لەیاسادەرچووەکانەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. لە کۆتاییدا، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق لەم شەڕە بەدوور بگیرێن و پارێزراو بن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP