هەرێم نیوز
دۆناڵد تڕەمپ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا دەستپێکردووە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، سەرەڕای بەردەوامی هێرشە چڕەکان، هەواڵگری ئەمریکا پێیوایە حکومەتی ئێران هێشتا سەقامگیرە.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی ڕووخان یان هەڵوەشانەوەی سیاسی لە تاران بەدی ناکرێت.
ئەمەش نیشان دەدات کە فشارە سەربازییەکان هێشتا نەبوونەتە هۆی لێکهەڵوەشانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.
لە لایەکی دیکەوە، پێگەی "پۆلۆتیکۆ" باس لەوە دەکات کە ئیدارەی ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەکەدا لێکەوتە ئابوورییەکانی بە هەند وەرنەگرتبوو. بەڵام ئێستا بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز، بازاڕی وزە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا 100 دۆلاری تێپەڕاندووە و سیستەمی دابینکردنی وزە لە جیهاندا تووشی پەککەوتن بووە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی ئەم قەیرانە لە ئارادا نییە و لێکەوتە ئابوورییەکان ڕوو لە هەڵکشانن.
گرژییەکان لە ناوچەکەدا کاریگەری ڕاستەوخۆیان کردووەتە سەر بازرگانی نێودەوڵەتی و واشنتن لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆ جێگیرکردنی نرخی سووتەمەنی.