دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ وردەکاریی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێت یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەیان لێ دەسەنین

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە وڵاتەکەی دەستی بە گفتوگۆیەکی زۆر باش کردووە لەگەڵ تاران و لەسەر ڕادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە ڕێککەوتوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئاداری 2026 دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا زانیاریی زۆر گرنگی لەسەر دانوستانەکان و چارەنووسی جەنگی ئێران خستە ڕوو.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە و نایانەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ترەمپ ڕوونی کردووەتەوە کە ئەگەر تاران پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت ئەوا دەبێتە کارێکی نایاب بۆ خودی ئێران و ئیسرائیل و هەموو وڵاتانی ناوچەکە.

ناوبراو ئاشکرای کردووە کە پێدەچێت هەر ئەمڕۆ لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەنجام بدەن.

سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری باڵای ئێران ترەمپ ڕایگەیاندووە کە نایەوێت بکوژرێت و تەنانەت نازانێت لە ژیاندایە یان نا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی داوە کە ئیسرائیل بەو ئەنجامەی ئەمریکا پێی گەیشتووە لەگەڵ ئێران زۆر دڵخۆش دەبێت و پابەندی ڕێککەوتنەکە دەبێت.

سەبارەت بە ناردنی هێزی سەربازیی ئەمریکیش بۆ ناوچەکە ترەمپ ڕەتی کردووەتەوە کە باس لە هیچ ستراتیژییەتێکی لەو شێوەیە بکات.

دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە ئێران بەتەواوی دەستبەرداری کۆگای یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بێت و ئەمریکا ئەو یۆرانیۆمەی دەوێت.

هەروەها باسی لەوە کردووە کە لەسەر ئەم پرسە ڕێککەوتوون و ڕادەستکردنی ئەو یۆرانیۆمەش دەبێتە سەرەتایەکی گەورە بۆ ئەوەی ئێران خۆی بنیاد بنێتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە چۆنیەتیی وەرگرتنی ئەو یۆرانیۆمە ترەمپ ڕایگەیاندووە کە کارێکی زۆر ئاسانە و ئەگەر ڕێککەوتن هەبێت خۆیان دەچن و دەیهێنن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە بڕیار بوو گەورەترین وێستگەکانی کارەبای ئێران بتەقێننەوە کە تێچووی دروستکردنیان زیاتر لە دە ملیار دۆلار بووە و بە یەک لێدان دادەڕمان.

بە وتەی ترەمپ هەر لەبەر ئەم مەترسییە بەرپرسانی ئێران خۆیان پەیوەندییان بە واشنتنەوە کردووە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک و ڕێگری لەو هێرشانە بکەن.

لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا ترەمپ مژدەی داوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا گەرووی هورمز دەکرێتەوە و ڕەنگە لەلایەن خۆیەوە یان ئایەتوڵایەکەوە بەڕێوە ببرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP