دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

شاندی دانوستانکاری ئێران و ئەمریکا لە پاکستان کۆدەبنەوە

هەرێم نیوز

بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دیدارێکی مێژوویی و ڕاستەوخۆ لە نێوان شاندی باڵای ئەمریکا بە نوێنەرایەتی "کوشنەر و ویتکۆف" و شاندی ئێران بە سەرپەرشتی "محەمەد باقر قالیباف" لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچێت، ئەمەش وەک هەوڵێکی خێرا بۆ ڕێگریکردن لە جەنگێکی گشتگیر.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە کە ئامادەکارییەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی چڕ و کتوپڕ. ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردبوو ئێرانییەکان خۆیان داوای گفتوگۆیان کردووە و تیمی تایبەتی خۆی بۆ ئەو مەبەستە ڕاسپاردووە.

هەڵبژاردنی پاکستان وەک شوێنی دیدارەکە، نیشانەی ئەوەیە هەردوو وڵات دەیانەوێت دوور لە چاوی میدیاکان و لە ناوچەیەکی بێلایەن، بگەنە ڕێککەوتنێکی خێرا. بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا لەسەر ١٥ خاڵی سەرەکی گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی بەرایی.

کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆڵی سەرەکی قالیباف لەم دانوستانانەدا نیشانەی ئەوەیە تاران هێڵێکی پەیوەندیی "باڵا و سیاسی" لە دەرەوەی وەزارەتی دەرەوە هەڵبژاردووە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن باڵی محافیزکارەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکان دەڵێن بە لێدوانەکانی ترەمپ و خێرایی پێشهاتەکان "سەرسام و شۆک" بوون. ئیسرائیل پێشبینی نەدەکرد ئاستی لێکتێگەیشتنەکان بەم خێراییە بگاتە قۆناغی دیاریکردنی خاڵە وردەکانی ڕێککەوتن.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە نەتانیاهۆ پێشتر هۆشداری دابوو لە هەر "ڕێککەوتنێکی خراپ" و جەختی دەکردەوە ئێران لە لێواری داڕماندایە، بەڵام وا دیارە ترەمپ ستراتیژی "ڕێککەوتنی خێرا"ی وەک بژاردەی سەرەکی هەڵبژاردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP