هەرێم نیوز
بارزانی بە توندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارە مووشەکییەی ئێران دەکات کە کرایە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و بە هێرشێکی دوژمنکارانەی ناو دەبات.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026 بارزانی پەیامێکی فەرمیی لەسەر هێرشکردنە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای پەیامەکەیدا بارزانی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەکات کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە مووشەکی ئێرانی کرایە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە.
ناوبراو بە داخێکی زۆرەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون.
بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
سەرۆک بارزانی ئەو پەلامارە بە تەواوی دوژمنکارانە وەسف دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە ئەمە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بەبێ گوێدانە بنەماکانی دراوسێیەتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەم جەنگەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچ کاتێکیش هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا بارزانی دووپاتی دەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلی کوردستانە.
دەقی پەیامەکەی بارزانی :
پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.
ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بە بێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان.
پێشمەرگە ئازیزترین و بەنرخترین سەرمایەی گەلەکەمانە.
مسعود بارزانی
24ی ئاداری 2026