دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

پارێزگاری هەولێر، سەردانی پێشمەرگە بریندارەکانی کرد، کە لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ برینداربوون

هەرێم نیوز 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا توندترین پەیامی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند: "ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجامی دا، کارێکی تەواو زاڵمانە و دوژمنکارانە بوو."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 2026.3.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێری پایتەخت، سەردانی ئەو پێشمەرگە بریندارانەی کرد، کە لە ئەنجامی هێرشە تیرۆرستیەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەسپیلک برینداربوون.

پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دۆخی تەندروستی پێشمەرگە بریندارەکان کرد، پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەی ڕاسپارد چی پێویستە بۆ چارەسەرکردنیان ئەنجامبدرێت و هیوای زوو چاکبوونەوە و ساغ و سەلامەتی بۆ خواستن.

پاشان لە کۆنگریەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، وێڕای پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی ئەو کردەوە تیرۆرستیە، تەئکیدی لەوە کردەوە ئەو جۆرە هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێکی بۆ نیە و دەستدرێژیەکی ناڕەوا و ستەمکارانەنەیە بەرامبەر بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەتووندی سەرکۆنەی دەکەین.

داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراقی فیدراڵ کرد، سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژی و کردەوە تیرۆرستیانە دابنرێت کە دەکرێتە سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان.

جێگەی باسە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو هێرشی جیاوازدا بە 6 موشەکی بالستی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشکرایە سەر هەردوو بارەگای فیرقەی 7ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فیرقەی 5ی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەش، لەئەنجامی ئەو هێرشەدا 6 پێشمەرگە شەهیدبوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP