دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

مەکتەبی سیاسیی پارتی: بۆردومانەکەی سۆران "غەدرێکی گەورەیە" و پێویستە بەغدا سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکان دابنێت

هەرێم نیوز

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکی فەرمیدا بە توندی ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی (سێشەممە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦)ی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سۆران کرد. پارتی ئەم هێرشەی بە "ناڕەوا، بێ پاساو و دوژمنکارانە" ناوبرد کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگە.

دەقی راگەیەنراوی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان :

ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ پاساوە دەکەین، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦، کرایە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بە داخەوە بوو بەهۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی دڵسۆز، هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەردەبڕین و هیوای زوو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

هەرێمی کوردستان هیچ کات نەبۆتە بەشێک لە ململانێ و گرژییەکان و هانی هەموو لایەنەکانی داوە بۆ گرتنە بەری ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ و بەردەوامیش جەختمان لەسەر سیاسەتی ئاشتخوازانەی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە چەندین هێرشی ناڕەوا و دوژمنکارانە کراونەتە سەر هەرێمەکەمان کە دواترینیان هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆبوو بە مووشەکی ئێرانی، بە نیگەرانییەکی قوڵەوە لەو پەرەسەندنانە دەڕوانین و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن و بە ئەرکی دەستووری خۆیان هەڵسن بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لەو دەستدرێژیانە و سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان. 

هاوکات داوامان لە سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکانە کە بە یەکگوتاری و هاوهەڵوێستی دژی ئەو پەرەسەندنانە بوەستینەوە و پەیام و هەڵوێستی نیشتمانیانەمان بەرامبەر ئەو پێشێلکاری و غەدرانە نیشان بدەین کە دەرحەق بە هاووڵاتیان و هەرێمەکەمان دەکرێن.

مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٦



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP