دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

نوێترین کاردانەوە نێوخۆیی و هەرێمییەکان بەرامبەر هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی

هەرێم نیوز 

دوا بەدوای هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، شەپۆلێکی توندی سەرکۆنەکردن لەسەر ئاستی نێوخۆیی و هەرێمی سەری هەڵدا. بەرپرسانی باڵای عێراق، هەرێم و وڵاتانی دراوسێ هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە و داوای ڕێکاری بەپەلە دەکەن.

ئێران: ئۆپەراسیۆنی "ئاڵای درۆینە" لە پشت هێرشەکەیە

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکی فەرمیدا، هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی بە توندی سەرکۆنە کرد. سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وێڕای خواستنی تەندروستی بۆ نێچیرڤان بارزانی، پەنجەی تۆمەتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل درێژ کرد.

عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشە دەچێتە خانەی ئۆپەراسیۆنەکانی "ئاڵای درۆینە" (False Flag) بە مەبەستی فیتنەگێڕی و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان وڵاتانی دراوسێ. ناوبراو جەختی لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ لێپرسینەوە لەو لایەنانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر سەروەریی خاکی عێراق و ئێران.

مەسرور بارزانی: بێدەنگ نابین و مافی وەڵامدانەوەمان هەیە

لە لایەکی ترەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پەیامێکی زۆر توند هاتە دەنگ و ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێم هەموو مافێکی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو "تیرۆریستە یاسادەرچووانە".

بارزانی داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی عێراق کرد کە سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنێن و بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەریی وڵات هەڵبگرن. هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە دۆستەکان کرد هاوکاری هەرێم بن لە پاراستنی هاووڵاتییاندا. چاودێران پێیان وایە توندیی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرێم چیتر بێدەنگ نابێت و ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازی لە ئارادایە.

کاردانەوە نێوخۆییەکانی عێراق و هەرێم

لەسەر ئاستی سیاسیی عێراق، عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە، هێرشەکەی بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی گشتی وەسف کرد. حەکیم ڕایگەیاند کە بە ئامانجگرتنی سیمبولە سیاسییەکانی وڵات پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانییە و نابێت ڕێگە بدرێت توندوتیژی بکرێتە ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بە هەوڵێک بۆ تێوەگلانی گەلی کوردستان لە "شەڕێکی نەخوازراو و بێ مانا" ناوی برد. بەهادین هۆشداری دا کە ئەمە "سابقەیەکی خراپی بەزاندنی سەروەریی قەوارەی هەرێمە" و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێگری لەم پەرەسەندنە مەترسیدارە بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP