دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی پەروەردە: ڕۆژی یەکشەممە دەوام دەستپێدەکاتەوە و خوێندنی ئۆنلاینیش بەردەستە

هەرێم نیوز

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی بۆ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٦ ڕاگەیاند. بڕیارەکان هەردوو کەرتی حکومی و ناحکومی دەگرێتەوە و بژاردەی جیاوازی خستووەتە بەردەم بەخێوکاران.

١. بژاردەی خوێندنی ئامادەیی یان ئەلیکترۆنی
وەزارەت ئاسانکاریی بۆ ئەو خێزانانە کردووە کە نایانەوێت منداڵەکانیان بنێرنەوە ناو پۆلەکان:
• خوێندنی ئارەزوومەندانە: هەر بەخێوکارێک نەیەوێت منداڵەکەی بچێتەوە قوتابخانە، دەتوانێت سوود لە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرێت و (نەهاتن)ی بۆ ئەژمار ناکرێت.

• مەرجی تاقیکردنەوەکان: ئەو قوتابیانەی خوێندنی ئۆنلاین هەڵدەبژێرن، تەنها لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا دەبێت لە قوتابخانە ئامادە بن.

• پڕکردنەوەی فۆرم: پێویستە بەخێوکار فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە بۆ جێگیرکردنی شێوازی خوێندنەکە.

٢. پۆلە کۆتاکان (٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی)
بۆ دڵنیایی قوتابیانی پۆلە کۆتاکان کە تاقیکردنەوەی نیشتمانی و وەزارییان هەیە:
• وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی خوێندن هەموار دەکاتەوە بۆ ئەوەی قوتابیان کاتی پێویستیان بۆ خوێندن و ئامادەکاری هەبێت.

٣. قوتابخانە نێودەوڵەتی و بیانییەکان
• ئەم قوتابخانانە دەتوانن خوێندن بکەنە ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی ئەگەر بەخێوکاران ئامادە نەبن منداڵەکانیان بنێرنەوە.
• قوتابخانە بیانییەکان سەرپشک کراون لەوەی بە تەواوی خوێندن بکەنە ئۆنلاین بەپێی بڕیاری دەستەی کارگێڕییان.

٤. پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە کاراکان
وەزارەت دوو پلاتفۆرمی سەرەکیی بۆ بەردەوامیی خوێندن کارا کردووە:
• پلاتفۆرمی (ئی-وانە): بۆ پۆلی ١ی بنەڕەتی تا ١٢ی ئامادەیی (حکومی و ناحکومی). ewane.krd
• پلاتفۆرمی (قوتابخانەکەم): تایبەت بە پۆلی ١ تا ٦ی بنەڕەتی بۆ قوتابخانە حکومییەکان. qutabxanekem.krd



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP