دواین هەواڵ

ئابوری‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاری داشکاندنی ٢٠٪ی کرێی خوێندنی ئیمزا کرد

هەرێم نیوز

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەهۆی دۆخی دارایی و بەرژەوەندیی گشتی، بڕیارێکی نوێی بۆ داشکاندنی کرێی خوێندن بە ڕێژەی ٢٠٪ دەرکرد، کە سەرجەم ئاستەکانی خوێندن دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ٣ی ٢٠٢٦، بە ئیمزای د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری داشکاندنی ٢٠٪ی کرێی خوێندن کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزارەت دێت کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ئادار ئەنجامدرا.
وردەکاریی بڕیارەکە و مەرجەکان:

١- ڕێژەی داشکاندن: داشکاندنی ٢٠٪ بۆ کرێی خوێندن دەکرێت، ئەمەش سەرباری ئەو داشکاندنە ٤٥٪یەی کە پێشتر هەبووە.
٢- مەرجی سوودمەندبوون: خوێندکاران و قوتابیان دەبێت تاوەکو ڕێکەوتی ٣ی ٥ی ٢٠٢٦ تەواوی قیستەکانی خوێندن بدەن بۆ ئەوەی ئەم داشکاندنە بیانگرێتەوە.
٣- ئاستەکانی خوێندن: بڕیارەکە هەردوو خوێندنی بەرایی (پارالێل و ئێواران) و خوێندنی باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ لە زانکۆ حکومییەکان دەگرێتەوە.

٤- جیاوازی لەگەڵ داشکاندنەکانی پێشوو: ئەم بڕیارە بەدەرە لەو داشکاندنانەی کە پێشتر لەلایەن وەزارەتەوە ئەنجامدراون و وەک ئاسانکارییەکی نوێ هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە لەپێناو لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی خێزانەکان و ئەو بارودۆخە هەستیارەیە کە ناوچەکە و هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، تاوەکو بارگرانی سەر شانی خوێندکاران کەمبکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP