هەرێم نیوز
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کرد کە لە ماوەی 34 ڕۆژی شەڕی نێوان ئێران و هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لانی کەم 1600 هێزی سەربازی و 109 هاووڵاتیی مەدەنی لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە، ورمێ و ئیلام گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئەم ئامارانە، تەنیا لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 253 بنکەی سەربازی و ئەمنی لە 37 شاری جیاوازدا کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.
لە ئاستی سەرتاسەری ئێرانیشدا، ئامارەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی 7300 کەس دەکەن کە 6410 کەسیان چەکداری سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکان بوون و 890 کەسیشیان هاووڵاتیی سڤیلن. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە لە نێو قوربانییە مەدەنییەکاندا 180 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ و 210 ژن هەن، کە زۆرترینیان لە پارێزگاکانی تاران، هورمزگان و لوڕستان تۆمار کراون.
ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە مەبەستی خۆپاراستن، بنکە فەرمییەکانیان جێهێشتووە و لە ناوەندە گشتییەکانی وەک قوتابخانە و مزگەوتەکاندا جێگیر بوون، ئەمەش وەک بەکارهێنانی "قەڵغانی مرۆیی" هەژمار دەکرێت.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامی پەنای بۆ شاردنەوەی سیستماتیکی ئامارەکان بردووە و ئەو ژمارانەی ڕادەگەیەنرێن زۆر کەمترن لەو ڕاستییە مەیدانییەی کە لە 195 شاری وڵاتەکەدا دەگوزەرێت.