هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" ئاشکرای کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لایەنی ئیسرائیلیی ئاگادار کردووەتەوە لە گەیشتنی دانوستانەکان لەگەڵ تاران بە بنبەست. بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر توندکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە ئابوورییەکان، بەتایبەتی ئەو ژێرخانە شارستانییانەی کە سوپای پاسداران سوودیان لێ دەبینێت، هاوکات پێشبینی دەکرێت ئەم هێرشانە لانی کەم تا دە ڕۆژی دیکە بەردەوام بن.
سەرچاوە دیپلۆماتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەبوونی متمانە ڕێگرە لە هەر پێشکەوتنێک، چونکە ئێران داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و گەرەنتیی دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکان دەکات. لە بەرانبەردا واشنتن مەرجی کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورموز و ڕادەستکردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی داناوە، کە تا ئێستا چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە نادیارە و تەنیا لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێری دەکرێت.
ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو بڕوایەدان کە زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانی جەنگەکە پێکراون، بەڵام ئێستا جەخت لەسەر لاوازکردنی توانای دارایی تاران دەکرێتەوە. هەرچەندە تا ئێستا هێرش نەکراوەتە سەر وێستگە سەرەکییەکانی کارەبا و نەوت، بەڵام تێکدانی پردەکانی دوورگەی "خارک" و پێکانی دامەزراوە پیشەسازییەکان نیشانەی فشارێکی نوێن بۆ سەر ئابووریی ئێران و بڕینی سەرچاوەکانی داهاتی ئەو وڵاتە.
لە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، گۆڕینی ڕژێم یان لاوازکردنی تاران وەک ئامانجێکی ستراتیژی دەستنیشان کراوە، ئەگەرچی هەردوولا دان بەوەدا دەنێن کە ئەمە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و ڕەنگە چەندین مانگ بخایەنێت. ئەم هەوڵانە لەکاتێکدایە کە ترەمپ نیگەرانە لە نەبوونی ڕۆڵی وڵاتانی ئەوروپی و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کردنەوەی گەرووی هورموز کلیلی کۆتاییهێنانە بەم جەنگە.