هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی زۆر تونددا هۆشداری دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەپەلە گەرووی هورمز بکەنەوە، و هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە ئەگەر بێتو ئەو کارە نەکەن، ئەوا لە یەک ڕۆژدا هێرشێکی وێرانکەر دەکەنە سەر ژێرخانی ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، کە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لە ئێران دەبێتە ڕۆژی کردنەئامانجی وێستگەکانی کارەبا و پردەکان بە یەکەوە و لە یەک کاتدا، و جەختی لەوە کردەوە کە شتی لەو شێوەیە پێشتر ڕووی نەداوە.
ناوبراو بە بەکارهێنانی دەستەواژەی زۆر توند و هۆشداریدەر، داوای لە دەسەڵاتدارانی تاران کردووە کە دەبێت بە خێرایی ئەو گەرووە بکەنەوە، ئەگەرنا ڕووبەڕووی دۆخێکی زۆر سەخت دەبنەوە و لەناو دۆزەخدا دەژین.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەبێت سەرکردەکانی ئێران تەنیا چاوەڕوان بن بۆ بینینی ئەو دەرەنجامە قورسانەی کە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
دەقی پەیامەکەی ترەمپ:
رۆژی سێشەممە لە ئێران دەبێتە رۆژی وێستگەکانی کارەبا و رۆژی پردەکان، هەمووی پێکەوە لە یەک رۆژدا. شتی وا هەرگیز نابێت!!! ئەو تەنگە نەفرەتییە بکەنەوە، ئەی زۆڵە شێتەکان، ئەگینا لەناو دۆزەخدا دەژین - تەنیا چاوەڕێکەن! سوپاس و ستایش بۆ خودا.