دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

لیندزی گراهام: ترەمپ لە هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی ئێران زۆر جددییە

هەرێم نیوز

لیندزی گراهام، سیناتۆری باڵای ئەمریکا، هۆشدارییەکی کۆتایی ئاراستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری یەکلاکەرەوەی بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز داوە، تەنانەت ئەگەر ئەو کارە پێویستی بە بەکارهێنانی توندترین هێزی سەربازیش بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاویکردەوە، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری کۆتایی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و گەڕاندنەوەی ئازادی بۆ کەشتیوانەکان داوە، و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە توندترین هێزی سەربازی بەکاربهێنێت.

ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ترەمپ لەسەر دوا مۆڵەتەکەی بۆ ئێران زۆر جددییە و هیچ دوودڵییەکی تێدا نییە. هەروەها ڕوونیکردووەتەوە، کە لە ئێستادا تاران تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە؛ یان دەبێت دەستبەجێ گەرووی هورمز بکاتەوە، یان ڕووبەڕووی وەڵامێکی سەربازیی گەورە ببێتەوە کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی تەواوی ژێرخان و پێگە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە.

ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە، کە بە یەکێک لە کەسایەتییە نزیکەکانی ناوەندی بڕیار لە کۆشکی سپی دادەنرێت، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە هەرچەندە هێشتا هیوایەک ماوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەرووی هورمز و یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، بەڵام هۆشداریی داوە کە "گوتنی ئەوەی دەرگای دیپلۆماسی خەریکە دادەخرێت، وەسفێکی زۆر کەمە بۆ ڕاستیی دۆخەکە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە واشنتن خەریکە لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان بێئومێد دەبێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، گراهام هۆشداریی داوەتە سەرکردایەتیی ئێران و ڕایگەیاندووە، کە دەبێت بە ژیری و بە خێرایی بڕیاری خۆیان بدەن. ئەم لێدوانانەش لە کاتێکدان، کە ئەو مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەی ترەمپ بۆ ئێرانی دیاری کردبوو بەرەو تەواوبوون دەچێت، ئەمەش ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە هەر ساتێکدا زیاتر کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP