هەرێم نیوز
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی تایبەتدا پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لەناو خاکی ئێراندا.
ناتانیاهۆ ئەم هەنگاوەی بە بڕیارێکی "بوێرانە" وەسف کرد و دەستخۆشی لە ئازایەتی سەربازە ئەمریکییەکان کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی خێزانی خۆی کرد و ڕایگەیاند، وەک کەسێک کە خۆی لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەدا بریندار بووە و برایەکی لە ڕزگارکردنی "ئەنتێبی"دا لەدەستداوە، باش لە قورسایی و بوێریی ئەم جۆرە بڕیارانە تێدەگات.
جەختی کردەوە کە ئەم سەرکەوتنە نیشانەی هێزی کۆمەڵگە ئازادەکانە لە بەرامبەر "هێزەکانی تاریکی و تیرۆر".
ناتانیاهۆ دووپاتی کردەوە کە تەواوی ئیسرائیلییەکان بەم ئۆپەراسیۆنە دڵخۆشن و ئەم هەنگاوە ئەو پرەنسیپە پیرۆزە بەهێز دەکات کە "کەس بە تەنیا جێناهێڵدرێت".
وتیشی، ئەم سەرکەوتنە جارێکی تر توانای سەرکردایەتیی ترەمپی بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی مەزن بۆ ئەمریکا سەلماندەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ناتانیاهۆ ڕوو لە ترەمپ دەڵێت: "هاوڕێی ئازیزم، جارێکی تر سەرکردایەتیت سەرکەوتنێکی مەزنی بۆ ئەمریکا بەدەستهێنا".