دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێم بۆ پرسی سیستەمی ئەسیکۆدا سەردانی بەغدا دەکات

هەرێم نیوز

شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی سیستەمی ئەسیکۆدا و بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکان، سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، کە بڕیارە سبەی یەکشەممە، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر سیستەمی ئەسیکۆدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق.

سیستەمی ئەسیکۆدا، سیستمێکی ئەلیکترۆنییە بۆ بەستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و ڕێکخستنی کاروباری گومرگ. بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، و کەمال ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان.

جێگەی باسە، پێشتر و لە ڕێکەوتی 17ی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەم سیستمە ڕایگەیاندبوو، کە هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ جێگیرکردنی سیستەمەکە، بەڵام جەختی لەوە کردبووەوە کە میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەبێت لە ڕێگەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت و ئەو پرۆسەیەش کاتی پێویستە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP