هەرێم نیوز
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە جەنگی ئێران بەمزووانە کۆتایی پێ دێت و واشنتن تا کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی بۆ تارانی دیاری کردووە، لە دانوستانەکان بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە جەنگ لەگەڵ ئێران بەمزووانە کۆتایی دێت و ئەوان تا کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی سەرۆک بۆ تارانی دیاری کردووە، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکان.
ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمریکا نایەوێت ئەو دەسەڵاتەی ئێستای تاران کە بە "پاڵپشتی تیرۆر" وەسفی کرد، دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجە سەربازییەکانی جەنگ لە ئێران بەدی هاتوون و هیوای خواست تاران بە ژیرییەوە مامەڵە بکات.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی هێرشەکانی سەر دوورگەی خارک ڕوونیکردەوە، کە ئەمە بەواتای گۆڕانکاری لە ستراتیژیی ئەمریکا نایەت، و واشنتن دڵنیایە کە تا کاتژمێر ٨ی بەیانیی سبەی چوارشەممە (بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا)، وەڵامی کۆتایی لەلایەن ئێرانەوە پێ دەگات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، جەی دی ڤانس هۆشداریی دا کە ئەمریکا کەرەستەی زۆر بەهێزتری لەبەر دەستدایە کە ترەمپ دژی تاران بەکاریان بهێنێت، و وتی: "لە کاتێکدا ئێرانییەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێچووی ئابووری بەسەر جیهاندا بسەپێنن، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکان توانای هەیە تێچوویەکی ئابووریی زۆر قورستر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، کە زۆر لەوە زیاتر بێت کە تاران بتوانێت بەسەر ئێمە یان هاوڕێکانماندا بسەپێنێت."