دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: هێرشەکانی سەر کوردستان ناڕەوا بوون و پێشوازی لە ئاگربەست دەکەین

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، هەڵوێستی حکومەتەکەی سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران ڕاگەیاند و جەختی لە کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کردەوە.

هیوایەک بۆ سەقامگیریی بەردەوام
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە، ئومێدەوارە ئەم ئاگربەستەی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت و ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا. ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتگیریی هەموو هەوڵێک بکات کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی گرژییەکان بێت.

ڕەخنە لە هێرشە "بێ پاساوەکان"
مەسرور بارزانی لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو هێرشانەی لە ماوەی ڕابردوودا کرانە سەر هەرێم و ڕایگەیاند: "هێرشەکانی سەر کوردستان ناڕەوا و بێ پاساو بوون." هیواشی خواست کە چیتر خەڵکی سڤیل، پێشمەرگە، ژێرخان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان نەکرێنە ئامانج.

سوپاسی لایەنە هاوکارەکان
سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە لە قۆناغی ڕابردوودا هاوکار بوون لە پاراستنی هەرێمی کوردستان. ئەم دەستخۆشییە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بووەوە و کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

ئەم پەیامەی سەرۆکی حکومەت هاوکاتە لەگەڵ دەسپێکی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا کە بە نێوەندگیریی پاکستان هاتە کایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP