دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ باجێکی قورس دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی چەک بە ئێران دەفرۆشن

هەرێم نیوز

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە باجێکی ٥٠٪ بەسەر سەرجەم کاڵاکانی ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت کە چەک بە ئێران دەفرۆشن، و جەختیش دەکاتەوە کە بڕیارەکە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، هۆشدارییەکی توندی دایە ئەو وڵاتانەی چەکی سەربازی بۆ ئێران دابین دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، کە هەر وڵاتێک چەکی سەربازی بۆ ئێران بنێرێت، دەستبەجێ باجی ٥٠٪ دەخرێتە سەر سەرجەم ئەو کاڵایانەی کە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دەفرۆشن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەم بڕیارە لەم ساتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، و ئەوەشی خستە ڕوو، کە هیچ وڵاتێک لەم بڕیارە بێبەری ناکرێت و هیچ لێخۆشبوونێکیش بۆ کەس نابێت. ئەم هەنگاوەی واشنتن دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست دێت و ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە پڕچەککردنەوەی دەسەڵاتی ئێران.

جێگەی باسە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێر ٣:٠٠ەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی ١٤ ڕۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیاریشە ڕۆژی هەینیی داهاتوو، بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی ڕاستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلام ئابادی پایتەخت دەست پێ بکات، بە مەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن.

جەنگی نێوان ئێران و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە دەستی پێ کرد و نزیکەی ٤٠ ڕۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە هۆی داخرانی گەرووی هورمز بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانێکی ئابووریی ناوچەکەی گرتەوە، بەڵام ڕاگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، ڕاستەوخۆ بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP