دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپاسالاری ئەمریکا: ڕاگرتنی جەنگ کاتییە و لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ دەستپێکردنەوەی

هەرێم نیوز

سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە ڕاگرتنی جەنگ تەنیا ئاگربەستێکی کاتییە و هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە لە ٪٩٠ی کارگەکانی چەک و لە ٪٨٠ی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان لەناو بردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٦، جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە ڕایگەیاند، کە ڕاگرتنی جەنگ لەگەڵ ئێران تەنیا ئاگربەستێکی کاتییە، و هێزەکانی ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ ئەگەر بێتو پێویست بکات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی ئێراندا بەدیهاتوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای ئەمریکا، لە ماوەی جەنگەکەدا زیاتر لە ١٣ هەزار ئامانجیان پێكاوە و نزیکەی ١٥٠ کەشتیی ئێرانیشیان بەتەواوی تێکشکاندووە.

جەنەڕاڵ دان کەین ئاماژەی بە قەبارەی زیانەکانی ژێرخانی سەربازیی ئێران کرد و ڕوونیکردەوە، کە لە ٪٩٠ی کارگەکانی دروستکردنی چەک و لە ٪٨٠ی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە لەناو براون.

هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، کە توانای ئێران بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەتەواوی پەکخراوە، و تاران پێویستی بە ساڵانێکی زۆر هەیە تاوەکوو بتوانێت جارێکی دیکە هێزێکی شەڕکەری گەورە لەسەر زەوی بنیاد بنێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP