هەرێم نیوز
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەی بڕیارلێدراوی بەیانیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە "ناشەرعی" و "دژی ئیرادەی خەڵک" ناو دەبات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 4ـی 2026، د. شاخەوان عەبدوڵا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی بەیانیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و بابەتی ئاڵوگۆڕی پارێزگار، پڕۆسەیەکی ناشەرعییە و لە دەرەوەی ئیرادەی کەرکووکییەکانە.
جەختیشی کردەوە کە پارتی بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ژێر باری "سەفەقاتی گوماناوی" و ئەو ڕێککەوتنانەی لە "هۆتێل ڕەشید" ئەنجام دراون، چونکە بە گوتەی ئەو دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی شارەکەیە.
شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەش کردووە، پارتی هەر ڕێککەوتنێک کە لە دەرەوەی شەرعیەت و ئیرادەی دەنگدەران بێت ڕەت دەکاتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە دژی مافی هیچ پێکهاتەیەک نین و گوتی: "پارتی پشتیوانیی مافی هەموو پێکهاتەکانە و پێیوایە نوێنەرانی خەڵکی کەرکووک دەبێت لە چوارچێوەیەکی شەرعیدا خزمەتی هەموان بکەن."
ئەم توندبوونەوەیەی هەڵوێستی پارتی لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت بەیانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پۆستی پارێزگار و دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکان.