هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە تاوانی کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لە ساڵی ١٩٨٧، سەرەتا و دەستپێکی زنجیرەیەک تاوانی چەکی کیمیایی بووە دژ بە خەڵکی سڤیل و سروشتی ناوچەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 4ـی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٩ ساڵ بەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر ناوچەکانی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی، یادی قوربانییان و بەرکەوتووانی ئەو ڕووداوەی کردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو هێرشەی ڕژێمی پێشووی عێراق کردییە سەر ئەو ناوچانە، دەستپێکی زنجیرەیەک لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بووە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل و ژینگەی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، کە هۆکاری بەئامانجگرتنی بالیسان و شێخ وەسانان و تەواوی دۆڵی خۆشناوەتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو ناوچانە مەڵبەندی پشتیوانیی شۆڕش و هێزەکانی پێشمەرگە بوون.
هاوکات جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە سەرەڕای ئەو هێرشانە، گەلی کوردستان بە خۆڕاگری مایەوە و تاوانکارانیش لەناوچوون.