دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەگەری داڕمانی ئاگربەست لە ئامادەباشیدان

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەیەکی عیبری ئاشکرای دەکات، فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا بە سەردانێکی نهێنی لە ئیسرائیلە و هەردوولا خەریکی داڕشتنی پلانی سەربازین بۆ ئەگەری داڕمانی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، هۆشداریش دەدرێت کە هەر هێرشێکی داهاتوو بۆ سەر تاران "زیانێکی زۆر گەورە" دەگەیەنێت.

کۆبوونەوەی باڵای سەربازی لە تەلئەڤیڤ:
ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) سەردانی ئیسرائیلی کردووە و لەگەڵ ئایال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل کۆبووەتەوە. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە هەماهەنگی بووە بۆ ئەگەری "داڕمانی لەناکاوی ئاگربەست" لەگەڵ ئێران.

هەڕەشەی هێرشی کوشندە:
بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: "ئێمە وەک ئەمریکییەکان ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرەکان، ئەگەر ناچار بین شەڕ دەستپێبکەینەوە، دەزانین چی بکەین." ئەو بەرپرسە هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و وتی: "ئەو بۆردومانانەی ئەنجامی دەدەین، لەڕادەبەدەر ئازاربەخش دەبن و زیانێکی زۆر گەورە بە ئێرانییەکان دەگەیەنێت."

کاتژمێری سفر نزیک دەبێتەوە؟
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، کە پێگەی "ئاکسیۆس" بڵاویکردەوە ئەگەر لەم دوو ڕۆژەدا تاران و واشنتن نەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوا لە دوای ٢١ی ئەم مانگەوە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا زۆر بەهێز دەبێت.

پەیامی ئەم سەردانە سەربازییە بۆ ئێران ڕوونە؛ کە هەر جۆرە کشانەوەیەک لە دانوستانەکان یان پێشێلکردنی ئاگربەست، ڕووبەڕووی وەڵامێکی هاوبەشی "ئیسرائیلی - ئەمریکی" دەبێتەوە کە ئامانج لێی پەکخستنی دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئێرانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP