نوسینی : هێمن عەبدولقادر
شلەو برنجێکی سادە پێنجسەدی چۆتە سەر ، بتڵێک غاز پانزەهەزار ، کەچی مرۆڤ هەر یەک جگەر و دوو گورچیلە زیاتری نییە ، مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەم زیادەیە بدات دەبێت یان زوڵم لە خۆی بکات یان لەوانی تر.
لە ڕاستیدا شتێک نییە ناوی (جاران و ئێستا) بێت ، لەوەتەی مرۆڤ هەیە شەو ڕۆژ (٢٤ کاتژمێرە) تەنها ئەوەیە ، لەسەد ساڵی ڕابردوودا ، هەموو شتێک بەخێرایی گۆڕاوە ، نرخەکان چەند بەرامبەر چونەتە سەرێ ، نرخی ئاڵتون جەند ساڵێک پێش ئێستا بەراورد بەمڕۆ دە بەرامبەر سەر کەوتووە ، خانووبەرە و ئوتومبێل و خۆراک هەروەها ، بەڵام ئەوەی سەر نەکەوتووە و گەشەی نەکردووە مرۆڤ خۆیەتی ، ئەم مرۆڤە ، هەروەک باوباپیرانی یەک دڵ و دوو گورچیلە و دوو دەستی هەیە ، کەواتە کێ دەبێت باجی ئەم نا هاوسەنگییە بدات ، جگە لە مرۆڤ خۆی ؟؟
یەک کاتژمێر بۆ ملیاردێرێک و هەژارێک هەر (٦٠خولەکە)، بەڵام ژیان بۆ هەردووکیان داوای دوو شتی جیاواز دەکات ، ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین نرخی پێڵاو لە پێ بەرزترە ، کاتێک مرۆڤ بە دوو دەستەوە نازانێت فریای چی بکەوێت ؟ کاتێک دوو گورچیلە و یەک دڵ بە قەد تراکتۆرێک باری لێبار دەکرێت، ئیتر
نەخۆشخانە و دادگا و زیندانییەکان پڕ دەبن لە چیرۆکی ئەوانەی کە تەنها ویستیان مرۆڤ بن ، نەک زیندانی و نەخۆش و تاوانبار.
...........................
کاتێک گەنمت نییە بیبەیت بۆ ئاشەکە ، دەبێت تەمەنی خۆت بهاڕیت،
جاران مرۆڤ کەرەستەی بەکار ئەهێنا ، بەڵام ئێستا ئەبێت تەمەنی خۆی بەکار بهێنێت ، کاتێک پێنج مسقاڵ زێڕ بەقەد ئەستێرەیەکی وەک زوحەل و مەریخ دوور ئەکەوێتەوە لە توانای خەڵک ، کاتێک خانوویەکی سەد مەتری ، پارچەیەک زەوی ، شوقەیەکی دوو نووستنی ، ئەبێت بە قەڵایەکی ئەفسانەیی و هەرگیز بە مووچە ناتوانیت داگیری بکەیت ،کاتێک مرۆڤ دەبێت نیوەی تەمەنی بفرۆشێت بۆ ئەوەی دیوارێکی هەبێت ،
کاتێک نان دەبێت بە جاکوار و نێچیرێکی وریای ناو جەنگەڵ ئەگەر ئاگات لە خۆت نەبێت ، لەبری ئەوەی تۆ نانەکە بخۆیت ، تەماشا ئەکەیت نانەکە تۆی خواردووە، ئیتر جیهان مەرجی خۆی بەسەر بایۆلۆژیای جەستەدا دەسەپێنێت.
جیهان ئەمڕۆ مەرجی خۆی هەیە ، زێڕت دەدەمێ ، بەڵام نابێت کاتت هەبێ بیانگۆڕی بۆ خشڵ و دڵخۆشی ، خانووت دەدەمێ بەڵام تەنها بۆ سەرەمەرگ تیایدا ڕابکشێی ،
کاتێک نانەکە تۆ دەخوات ، ئیتر ململانێکە لەسەر ژیان نییە ،
لەسەر ئەوەیە کێ درەنگتر دەبێتە ئاردێکی سپی بێ کەپەک و بێ ڕۆح ،کێ زووتر و بێ ئەخلاقانەتر پەلاماری هاوڕێ و هاوپیشە و هاوسەر و بازاڕەکە بدات ، ئەوەندە زووتر قەرەبووی ئەو بایۆلۆژیا جەستەیە دەکاتەوە کە لەگەڵ بازاڕدا گەشەی نەکرد.
هەزاران سالە کرمێکی فەریکەنۆک و تەتلەمیران و کوللەیەک تەکلیفی سەریان تەنها خواردنی چەند گیا و گەلایەک بووە ، بەڵام مرۆڤ چرکە بەچرکە تەکلیفەکانی سەر خۆیی و جیهان زیاد دەکات ، کێ دەبێت ئەم باجە بدات جگە لە خۆی ؟ چۆن دەیدات؟ جگە لەوەی ببێت بە دڕندە و بێڕەوشتتر بەرامبەر ئەوانی تر.
کورد دەڵێت (نەهامەتی خاسە، قۆرتەکانی خراپە) هەموو سەردەمێک نەهامەتی خۆی هەبووە بەڵام هیچ کاتێک مرۆڤ قۆرت و چاڵی وەک ئێستا قوڵ و ترسناکی بۆخۆی هەڵنەکەندووە ، عەلعانەکێ ئا ئەوە وەعزە؟
نوقتە سەری دێڕ.....