دواین هەواڵ

ئابوری‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: سبەینێ تەواوکاریی پارەی مووچە دەگات و خشتەی مووچە ڕادەگەیەندرێت

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشێک لە پارەی مووچەی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان و چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ سێشەممە، گوژمەی تەواوکاریی مووچە بگات و ڕاستەوخۆ خشتەی دابەشکردن ڕابگەیەندرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی 5ـی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی ٦٦٣ ملیار و ٨٠٥ ملیۆن دینار وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ سێشەممە (12ـی 5ـی 2026)، گوژمەی تەواوکاریی مووچە بگاتە سەر هەژماری وەزارەتەکە.

وەزارەتی دارایی جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە لەگەڵ گەیشتنی تەواوی تەمویلی مووچە و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچە ڕادەگەیەندرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP