هەرێم نیوز
وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بوون و لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی نوێی هاووڵاتییان دەکرێت، هاوکات سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنیش لە پرۆسەکەدا پەیڕەو دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی 5ـی 2026، وەزارەتی بازرگانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سبەینێ دووشەممە (11ـی 5ـی 2026)ـەوە، دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی نوێ (سەبەتەی خۆراک) بەسەر هاووڵاتییاندا دەکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لقەکانی کۆمپانیاکەیان و بریکارەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، ئامادەکارییەکانیان بۆ پرۆسەی ئامادەکردن و دابەشکردنی بەشەخۆراکە نوێیەکە تەواو کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرجەم پێداویستییە هونەری و کارگێڕییەکان دابین کراون بۆ ئەوەی دڵنیا بن لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لەلایەن بریکارەکان و بنکەکانی دابەشکردنی خۆراکەوە.
هەروەها وەزارەتی بازرگانی ئاشکرای کردووە، بە مەبەستی بەهێزکردنی شەفافیەت، کەمکردنەوەی هەڵەکان و خێراکردنی ڕێکارەکان، لەمەودوا سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە پرۆسەکانی دابەشکردندا پەیڕەو دەکرێت.
لە کۆتاییدا وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە یەدەگێکی ستراتیژیی پارێزراویان لە ماددەکانی سەبەتەی خۆراک هەیە، و پێش ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێن، بە شێوەیەکی خولی لەلایەن بەشی کۆنترۆڵی جۆرییەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و کوالێتیی ماددەکان.