دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆسیەی محەمەد باقر سەعدی؛ لایەنە شاراوەکانی تۆمەتە قورسەکانی دادگای نیویۆرک ئاشکرا دەکرێن

هەرێم نیوز

دوای دەستگیرکردنی محەمەد باقر سەعدی، سەرکردەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی، ئێستا سەرنجی میدیا جیهانییەکان لەسەر ئەو تۆمەتە قورسانەن کە دادگای فیدراڵیی نیویۆرک ئاڕاستەی ئەم سەرکردە ٣٢ ساڵانەیەی کردوون، کە بە داڕشتنی پلانی هێرشی تیرۆریستیی بەکۆمەڵ لەسەر ئاستی جیهان تۆمەتبارە.

پلانی ١٨ هێرش لە ئەوروپا و کەنەدا
بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، تۆمەتەکانی سەعدی پەیوەستن بە کاردانەوەکانی گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕی دژ بە ئێران لە ٢٨ـی شوباتدا، کە وایکردووە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵییەوە (FBI) وەک ئامانجێکی باڵای نێودەوڵەتی بناسرێت.

تۆمەتە سەرەکییەکانی بریتین لە:
• داڕشتن و هەماهەنگیکردنی لانی کەم ١٨ هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا و دوو هێرش لە کەنەدا.
• بەپێی ئاژانسی (فرانس پرێس)، ئەمریکا بەڵگەی بەشداربوونی سەعدی لە ڕووداوێکی بەرچەقۆدانی جووەکان لە لەندەن خستووەتە ڕوو.
• تێوەگلان لە چەندین هێرشی سووتاندنی کەنیسە و قوتابخانە جووەکان لە ئەمستەردام و میونشن.
• بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی پڕوپاگەندەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ هاندانی ئاشکرای ئەم هێرشانە.

گواستنەوەی هێرشەکان بۆ ناو خاکی ئەمریکا
بەپێی تۆمارە تەلەفۆنییەکانی FBI، سەعدی هەوڵی داوە هێرشەکان بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ناوبراو وێنە و نەخشەی وردی کەنیسەیەکی سەرەکیی نیویۆرک و دوو ناوەندی تری جووی لە لۆس ئەنجلۆس و ئەریزۆنا داوەتە بریکارێکی نهێنیی FBI (کە پێی وابووە هاوکارێتی).
سەعدی لە پەیوەندییەکانیدا باسی لە بەکارهێنانی بۆمبی چێنراوی دەستکرد کردووە و پرسیاری تێچووی بەکرێگرتنی کەسی کردووە بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەکان، بەڵام پێش جێبەجێکردنی پلانەکە دەستگیر کراوە.

پەیوەندی لەگەڵ سولەیمانی، قائانی و کەعبی
جگە لە لایەنە کردارییەکە، واشنتن تۆمەتی پەیوەندیی قووڵ لەگەڵ تۆڕە نێودەوڵەتییەکان و هاندانی ئاشکرا بۆ کوشتنی ئەمریکییەکانی داوەتە پاڵ سەعدی.

داواکارانی گشتیی ئەمریکا دەڵێن، سەعدی لە ڕابردوودا لە نزیکەوە لەگەڵ قاسم سولەیمانی کاری کردووە و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی (فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران) و ئەکرەم کەعبی (ئەمینداری گشتیی نوجەبا)دا هەیە، کە ئەمریکا هەموویان وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی بیانی دەناسێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP